ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات

ئەمریكا لەبارەی درێژكردنەوە مۆڵەتی هاوردەكردنی غاز، عێراق بێهیوا دەكات و داوایەکیش لە عێراق دەکات کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن مایکل والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، کە هەردوولا لەسەر پرسی وزە قسەیان كردووە و واڵتر پێیڕاگەیاندووە: ئیدی ناكرێ مۆڵەتی هاوردنی غاز لە ئێرانەوە درێژ بكرێتەوە.
بەپێی ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)، لای خۆیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا هانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی داوە کە زیاتر پشت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ببەستێت، هەروەها کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو کۆمپانیایانە بکات کە لە عێراق کار دەکەن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەوەی هانیان بدات بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە عێراق و، کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی، والتز پابەندبوونی پتەوی ئەمریکای بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لەبەرامبەر ئاستەنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دووپات کردووەتەوە، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی هاوکارییەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری و سەقامگیریی عێراق لە درێژخایەندا، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی پشێوی ناوچەکەدا كردووەتەوە.
والتز ئاماژەی بەوە داوە کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوون بۆ کارەبای دابینکراو لە ئێرانەوە بۆ عێراق، پەیوەستە بە سیاسەتی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران، کە گرنگیی هەماهەنگیی دوولایەنە پشتڕاست دەکاتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی عێراق.
بەوهۆیەوەش ناوبراو سەرۆكوەزیرانی عێراقی لەبارەی درێژكردنەوەی مۆڵەتی عێراق بۆ هاوردەكردنی غازی ئێران بێهیوا كردووە و لەمڕووەوە ڕوانگەی ئەمریكای پێڕاگەیاندووە.