هێڵی گەرمی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندرا

بۆ ئاسانكاریی گەیاندنی زانیاری لە هەر سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ، ئەمڕۆ هێڵی گەرمی دەستپاکی بە ژمارە 1015 ڕاگەیاندرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بە هاوکاریی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی عێراق و بەو هەماهەنگییەی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی عێراق هەمانە، ئەم هێڵە گەرمە ڕادەگەیەنین کە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتی یان خاوەن زانیاری و هەواڵدەر لە ڕێگەی ئەم هێڵە گەرمەوە زانیاری لەبارەی هەر دۆسیەیەک بدات و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
گوتیشی: بەپێی یاسای دەستپاکی لە کوردستان سەرچاوەی زانیارییەکان هەر کەسێک و لە هەر کوێ بن، پارێزراو دەبن، تەنیا لەسەر خواستی خۆیان ئەگەر یەکێک بیەوێ خۆی وەک داواکار بناسێنێ، ئەوکات ناسنامەی تۆمار دەکرێت. بەڵام ئەم هێڵە لەمڕۆوە وەک ناساندنی گشتی بۆ وەرگرتنی زانیاری بڵاو دەکرێتەوه و دواتر بەپێی سنووری جوگرافی دابەش دەکرێن، ئنجا ڕێکارە پێویستییەکانی چوارچێوەی یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.