عادل موراد دژی كاركردنە بۆ سەربەخۆی و ریفراندۆم لەكوردستان داوای پاراستنی یەكپارچەی خاكی عێراق دەكات

خواكوڕك 

لە وتارێكی دا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاو كراوەتەوە، عادل موراد، سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی هێرش دەكاتە سەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆبوونەوە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی دەلێت: دەبینین ھەندێک لایەن لەھەوڵدان بۆ لەباربردنی ئەم نەخشەڕێگایە و فەرامۆشکردنی ئەم دەسکەوتە گەورەیەی یەکێتی و ھاندانی خەڵکی لەدژی نەخشەکە، جارێکتر لەژێر ناوی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ڕای گشتی دەشێوێنن کە مەبەستی سەرەکی لەو ھەوڵانە مەشغوڵکردنی خەڵکەکەیە، چونکە ئەم مەسەلە گرنگ و چارەنوسسازە پێویستی بە زەمیینەسازی و ئامادەکارییەکی زۆرە کە تا ئێستا بەداخەوە نەھاتۆتە ئاراوە، ئەم چەواشەکارییەی مییللەت لەبری نییەتی جیدی و راستگۆیانە بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی میللەت و دژایەتیکردنی گەندەڵی و بەرتەسککردنی ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و گەرانەوەی شەرعییەت و سەروەریی یاسا، ھەوڵی بۆ دەدرێ“.

عادل موراد، بە بیانووی دۆخی سیاسییەوە، دژایەتیی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە داوە دەنووسێت، بەپێی ئەزموونی شۆڕشەکانی ڕزگاریخوازی کورد و تەجرەبەی حوکمڕانی، ئەتوانین بەراشکاوی و بێ پەردەپۆشکردنی ڕاستییە مێژوییەکان ئەو ڕاستییە دووپات بکەینەوە کەوا وەزعی سیاسی و لەڕووی بابەتی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا ھێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانین سەربەخۆیی رابگەیەنین، ئەمە و جگە لە نەبوونی ھاوکاری و پشتگییریی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ ئەم بابەتە“.

موراد لە وتارەكەی دا ئاماژە بە تاڵەبانی دەكات و دەلێت پابەندی ئەو پرەنسیپانە بن کە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی حزبەکەی بۆ شێوازی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی فیدرال بۆی دیاری کردوون. لەگەڵ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی شێوازی حوکم لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها لە خاڵی سێیەمی داواکارییەکانیدا عادل موراددا هاتووە: ڕەت کردنەوەی ھەر گەلەکۆمەکییەک سەبارەت بە دوا دەقی نەخشەرێگاکەی یەکێتی و پێویستە ئەم نەخشە رێگایە ببێتە بناغەیەک بۆ چارەسەری و ئاساییکردنەوەی وەزعی ھەرێم و دەسکردن بە چاکسازی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی“. بەپێویستیشی زانیوە کە حزبەکەی کار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی بکات و کاری جددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان بکات. داواشی کردووە کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە.

عادل موراد لە نووسینەكەی دا هێرش دەكاتە سەر سەركردەكانی مەكتەبی سیاسی و دەنووسێت، پێویستە سنوورێک دابنرێ بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی دابندرێت کە بەداخەوە ھەڵوێست و سیاسەتەکانیان یەک ناگرنەوە لەگەڵ خواست و ویستی ئەندام و کادیرانی یەکێتی کە ئومێدیان بەوەیە یەکێتی ببێتە خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆی و پابەند بێت بە ھەڵوێستە نیشتمانییەکانی مام جەلال، بەتایبەت ئەو سەرکردانەی دەستەمۆی پارتی بوون کە فشارێکی زۆری خستۆتە سەر ئەو سەرکردانە و لەرێگای یاریکردن بەکارتی نەتەوەیی، ھەوڵ دەدات سیاسەت و ئیرادەی خۆی بەسەر ھەموو لایەنە سیاسی و دیموکرات و ئیسلامییەکانی کوردستاندا بسەپێنێ”.

Back to top button