پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ی ئادارەوە

“ئەمڕۆ یادی دەسکەوتێکی گرنگ و مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی رێبەری نیشتمانیمان بارزانی نەمر دەکەینەوە.
لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970، دووپاتی دەکەینەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری گەیشتنە بە مافە ڕەواکانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و شێوازی ئاشتییانە. بەڵام بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و دەستبەرداریان نابێت.
لەم یادەدا، جەخت لە چارەسەری بنەڕەتی و یەکجارەکي کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و رێککەوتنەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.”
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 11ی ئاداری 2025