پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی پەنجا و پێنج ساڵەی ڕێککەوتنامەی یازدەی ئادار

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 دەستكەوتێكی مێژوویی و گرنگی خەباتی گەلی كوردستانە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر. بۆ یەكەمین جار حكوومەتی عێراقی دانی بە بەشێك لە مافەكانی گەلی كورد نا و ئەو دەرفەتە هاتە كایەوە گەلی كوردستان بتوانێ كار لەسەر خۆبەڕێوەبردن و بەهێزكردنی زمان و كولتوور و دابینكردنی سەقامگیری بكات. ئەو ڕێككەوتنە بەرهەمی تێكۆشان و خەباتی پێشمەرگە و كەوادیری حزب و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ قۆناغەكانی دواتری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە هۆی بەهێزتربوونی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان.

لە پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان دەنێرین و پێزانینمان بۆ هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە بە كۆڵنەدان و پێداگری و ورەی پۆڵایینیان دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلەكەیان مسۆگەر كرد.

مسعود بارزانی
11ی ئاداری 2025

Back to top button