ناسیح عەبدولڕەحیم: هەتا گوتاری جاشێتی لەسەرەوە بێ، بەغدا مووچە دوا دەخات

ڕۆژنامەنووسێكی هەڵەبجە، باس لەو هۆكارە دەكات كە وای كردووە حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بوێرێت لەسەر دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت. تاكە پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەریش باس لە پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێككەوتنەكان دەكات.
لە كاتێكدا ساڵانێكی زۆر جاش و بەكرێگیراوانی ناوخۆ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد گوایە ئەگەر مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان بكەوێتە دەست بەغدا، ئەوا چیتر مووچە دواناكەوێت، كەچی لە دوای مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، لە كۆی چوار مانگ، حكوومەتی فیدڕاڵی تەنیا یەك مووچەی ناردووە كە ئەویش مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵە، بەڵام مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ و مووچەی مانگی ٢ی ئەمساڵی تا ئێستا نەناردووە و هیچ وادەیەكی فەرمیشی بۆ ناردنی مووچە رانەگەیاندووە، هەرچەندە ئومێد دەكرێ كە لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پارەی مووچەی مانگی ٢ بنێردرێ.
لەمبارەیەوە ناسیح عەبدولڕەحیم، ڕۆژنامەنووس لە هەڵەبجە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی مووچە، جاشی ناوخۆ، نۆکەر و بەکرێگیراوانی کوردزمانن.
جەختیشی لەوە كردۆتەوە: هەتا دەنگی جاشی ناوخۆ دلێر بێت، هەتا گوتاری زاڵی جاشێتی لە سەرەوە بێت، بەغدا دەتوانێت مووچە دوابخات.
هەر لەمبارەیەوە، سۆران عومەر، تاكە پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری، پێچەوانەی ئەو درۆ و زانیارییە ناڕاستانەی پێشتر بڵاوی دەكردەوە و ئۆباڵی دواكەوتنی هاتنی مووچەی دەخستە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە تازەترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵێكی سلێمانی رای گەیاند: ”لە عێراق هیچ شتێك گەرەنتی نییە. هیچ بەڵێن و بەڵێنكارییەكیش تاسەر نییە. ئێستا عێراق وای لێهاتووە شەو لەگەڵیان ڕێك بكەوی، بەیانی ناتناسنەوە. لە عێراق گۆڕانكاریی خێرایە، پابەندبوون زۆر كەمە.
جەختیشی كردۆتەوە: لە عێراق جووڵە سیاسییەكان كاریگەرییان لەسەر جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكانیش هەیە. تەنانەت پەرلەمانی عێراق بەم هۆیەوە زیاتر لە مانگێكە ناتوانێ كاری خۆی بكا.