گۆڕان گفتوگۆی لایانەكانی لەبارەی سەربەۆخی و ریفراندۆم رەد كردەوە

خواكوڕك 

بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نیە پێشوازی لە وەڤدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بكات، دەلێت لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە، رایدەگەیەنین کە بۆ ئەم پرسە پێویست بە هیچ کۆبونەوەیەکی حیزبی ناکات.

 

 

دەقی راگەیاندراوەكەی گۆڕان

ئەی جەماوەری خۆڕاگری کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی دروستبونییەوەو لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا رایگەیاندوە کە بڕوای تەواوی بە مافی چارەنوسی خەڵکی کوردستان‌و سەربەخۆیی‌ هەیەو لە هەمو بۆنەو رێکەوتنامەکانیدا جەختی لەو مافەی خەڵکی کوردستان کردوەتەوە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستە هەنگاوی کرداری بگیرێتەبەر. پەرلەمانی کوردستانیش لە بڕیاری ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٠٥ رایگەیاندوە کە ” پەرلەمانی کوردستان تاکە مەرجەعی سیاسی‌و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستانی عیراق‌و لە دیاریکردنی پەیوەندی دەستوری لەگەڵ دەسەڵاتەکانی کۆماری عیراقی فیدرالیدا”.  لەم سۆنگەیەوە رایدەگەیەنین کە پێویستە:

١. پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی شەرعی‌و یاسایی لە هەرێمی کوردستان هەمو ئەو رێوشوێنە پێویستانە بگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک‌و هەمو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر.

٢. نابێت ئەم هەنگاوە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستان‌‌و موزایەدەی سیاسی بەکاربهێنرێت. بەڵکو پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمەکە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان‌و دابینکردنی پایەکانی دەوڵەتی هاوڵاتی‌و سەروەری یاساو دامەزراوەی نیشتیمانی.

٣. هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاستی بەرپرسیاریێتی نیشتیمانیدا بن لەم قۆناغە هەستیارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی‌و، بژێوی هاوڵاتیان‌و، قەیرانی سیاسی‌و، رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو خۆئامادەکردن بۆ هەمو ئەگەرو پێشهاتەکان.

لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە، رایدەگەیەنین کە بۆ ئەم پرسە پێویست بە هیچ کۆبونەوەیەکی حیزبی ناکات.

بزوتنەوەی گۆڕان
٤/٤/٢٠١٧

Back to top button