محەمەدی حاجی مەحمود: لەهەموو دونیا پەرلەمان كێشە چارەسەر دەكات لەكوردستان بۆتە كێشە
خواكورك
محەمەدی حاجی مەحمود، لەهەموو دنیا كێشەی میللەت و وڵات پەرلەمان چارەسەری دەكات، بەڵام لێرە پەرلەمان بووە بە كێشەی میللەتەكە.
لەمیانی دیمانەیەكی دا لەگەڵ رادیۆی نەوای نزیك لە یەكێتی نیشتمانی كورستان سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، رایگەیاند: هیچ حزبێك بەڕەسمی راینەگەیاندووە سەرۆكی هەرێمیان قبوڵ نییە، لە كۆبوونەوەكاندا هیچیان دژی نەبون، كاتێك بارزانی باسی ئەو خاڵەی دەكرد ئەوان دەیانوت با ئەو خاڵە واز لێبێنین و لیژنە دروست بێت لەسەری، بەڵام دواتر نازانرێت لیژنەكەش چی لێ بەسەر هات.
هەروەها لەبارەی رێگری كردن لەیوسف محمەد و وەزیرەكانی گۆڕان كاكە حمە گوتی ،ئەگەر ئەوە نەكرایە رەنگە شتی خراپتر رویبدایە، رەنگە ئەوەیان بەچارەسەرێك زانی بێت، بەڵام نابێت پەرلەمان ببێتە لایەنگر كە بووە لایەنگر چارەنوسی بەم شێوەیە دەبێت، ئاشكرایە ئەگەر بە یاسابوایە دەبوو سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی بوایە جێگر بۆ گۆڕان بوایەو سكرتێر بۆ یەكێتی، بەڵام یاسایان پێشێلكردو رێككەوتنی دووقۆڵی و سێ قۆڵیان كرد.
هەر لەبارەی دیاردەی جنێودان و سایكۆلۆژی كۆمەڵگە دەلێت، ئێستا لەماڵەكانی ئێمەدا وایلێهاتووە كە رادیۆو تەلەفزیۆن دەكرێتەوە ئەگەر بابەتێكی ئەدەبی و هونەری بێت دەڵێن لایبە كەس گوێی لێناگرێت، بەڵام كاتێك كە دەڵێت جنێو بە لایەنێك دەدات، دەڵێت گوێی لێبگرە بزانە چی دەڵێت، سایكۆلۆژیەتی خەڵكی كوردستان وایلێهاتووە ئەوەی جنێو بدات رەنگە ئەوەیان پێ باشتر بێت، ئەمەش هۆكارەكانی بۆ نەبونی پەروەردە دەگەڕێتەوە.
حاجی مەحمود گوتیشی ئێمە بۆچونێكی تایبەتیمان هەیە، من خۆم خراپترین حكومەتی كوردیم لە باشترین حكومەتی دنیا پێ باشترە، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان یەك ئەنداممان هەیە، بەڵام لە بەرەكانی شەڕ سەدان پێشمەرگەمان هەیە، لە وڵاتێكدا خەباتم بۆ كردبێت ناتوانم بیڕوخێنم، ئێمە لەجیاتی حكومەت دەچین خەبات دەكەین و واجبێكی ئەخلاقیە لەسەرمان دەبێت بەرگری لێبكەین.
هەروەها كاكە حەمە ئەوەشی راگەیاند دەستپێشخەرییەكانی بارزانیم پێ باشە، پێویستە پێكەوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، چونكە خەڵكی وڵاتێكین.
بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش گوتی كاتێك پەرلەمان و حكومەت دامەزرا لایەنەكان خۆیان رێكەوتنیان كردووە، هیچ شتێك لە میللەت گەورەتر نیە، پەرلەمان بۆیە هەڵدەبژێردرێت بۆئەوەی خزمەتی میللـەت بكات حكومەتیش هەروەها، ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان كێشەی هەیە با بگۆڕێت بۆ ببێتە كێشەی خەڵك و وڵاتێك هەروەها گوتی دوو سێ پێشنیار كراوە، لەوانە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بێت، جێگرێك بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، پێنشارێكی تر كراوە كە سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی و سكرتێرەكەی نە پارتی نە یەكێتی نە گۆڕان بێ لەسێ حزبی تر بن تا هەڵبژاردنی داهاتوو كاری پەرلەمان بەڕێوەبەرن.