گۆڤارێکی ئەمریکی: حووسییەکان لە کەرکووک و دوو پارێزگای عێراق نووسینگەیان کردووەتەوە

گۆڤارێکی ئەمریکی: حووسییەکان لە کەرکووک و دوو پارێزگای عێراق نووسینگەیان کردووەتەوەگۆڤاری (فۆرین پۆڵەسی)ـی ئەمریکی ئاشكرای كرد، حووسییەکانی یەمەن لە بەغدا و کەرکوک باشووری عێراق نووسینگەیان کردووەتەوە. دەشڵێت: لە پێگەیەکی سەربازیی لە خاڵس مەشق دەکەن.

گۆڤاری فۆرین پۆڵەسیی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێگە و جموجۆڵی حووسییەکانی یەمەن بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاشكرای كردووە: لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران، بە پێدانی مەشق و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، پاڵپشتیی حووسییەکانی یەمەنیان کردووە. ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەو جموجۆڵانە کردووە و بۆمان دەرکەوتووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بەشێکی زۆر لە بەرپرس و فەرماندەکانی حزبوڵا کە لە سووریا و لوبنان جێگیر بوون، تەنانەت بەشێکیش لە بەرپرسی میلیشیا شیعەکانی عێراقیش بۆ یەمەن گوازراونەتەوە.

فۆرین پۆڵەسی هەروەها نووسیویەتی:”لە هەڵسەنگاندنەکەماندا لە چالاکی و جمووجەڵە سنووربەزێنەکانی بەرەی مقاومە لە سەرانسەری میحوەرەکانی لوبنان-سوریا-عێراق بەرەو یەمەن بۆمان دەرکەوتووە، کە حووسییەکان لە عێراقیش هەن.”

هەروەها گۆڤارە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوەیەکی عێراقیی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە: حووسییەکان لقێكیان لە بەغدا و نووسینگەی بچووکتریان لە کەرکووک و باشووری عێراق هەیە.

هەروەها چەند سەرچاوەیەک بۆ فۆرین پۆڵەسی، ئەوەیان خستووە تەڕوو: چەکدارانی حووسییەکان لە کەمپێکی خاڵس لە پارێزگای دیالە، مەشق و ڕاهێنان دەکەن، کە ناوچەیەکە لەلایەن کەتائیبی حزبوڵای عێراقەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی ڕابردوودا مەشقیان پێکراوە و دواتر چوونەتە یەمەن.

دەشڵێت: حووسییەکان پێگەی خۆیان لە عێراق بەهێز کردووە و چەند کۆمپانیایەکی وەهمی، لە عێراقەوە پاڵپشتیی دارایی بۆ حووسییەکان دابین دەکەن.

شیاوی باسە، ڕۆژی 28ی شوباتی 2025 ڕۆژنامەی (نیۆرک تایمز) لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەرپرسانی حووسییەکانی یەمەن ئۆفیسێکیان لە گەڕەکی جادرییەی بەغدا کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی، حووسییەکانی عێراق بەکار دەهێنن بۆ گواستنەوەی پارە، بە تایبەتی لە ئێستادا کە دووبارە ئەمریکا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناساندوویەتی و ئەمەش پەیوەندییان بە سیستەمی دارایی جیهانی لە ناوخۆدا کەم دەکاتەوە. هەربۆیە حوسییەکان بە هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، كەڵك لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی عێراقیش وەردەگرن بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی شل، کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین کراوە، بەو کەرەستانەی کە بە بەرهەمی عێراقی ناوزەد دەکرێنەوە و بە ساختەکاری بە کڕیاران دەفرۆشرێن.

Back to top button