سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی قەتەر وەدەگرێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنت، پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیران و سەردانەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو هەنگاوێکە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتانە لە هەرێمی کوردستان زیاد بن و کەرتی ئابووری گەشە بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر بۆ سوود وەگرتنە لە ئەزموون و شارەزایی بەڕێوبردنی ئابووری و بازرگانی و توانای وزەی ئەو وڵاتە.
هەروەها گوتی: ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران ئەوەیە وەبەرهێنانی قەتەری لە کەرتی ئابووری، کشتوکاڵی، گەشتوگوزار و وزە بێنێتە هەرێمی کوردستان، چونکە قەتەر لە رووی وەبەرهێنانەوە وڵاتێکی پێشکەوتووە و لە چەندین وڵات وەبەرهێنان دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان سوود لە بەرەوە پێشبردنی کەرتی ئابووری وەگرێت.
روونیشیکردەوە، وڵاتانی کەنداو بەگشتی لە ڕووی ئابووریی و سیاسییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرگرنگن، پەیوەندییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئابوورییەکانی کەنداو، دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان لە دهاتوودا سەقامگیر ببێت و وەبەرهێنان لە هەرێم زیاد بکات.