وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه: ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان نه‌كردووه

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هەرێمی کوردستان، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ كرا بێت سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان. ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، دووره له ڕاستییه‌وه.
لە راگەیاندراوێکدا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌ی دایه‌وه كه گوایه وه‌زاره‌ته‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ له باره‌ی پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان و دوایین پلانه‌كانی تایبه‌ت به هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێگه‌ی خێرای نێوده‌وڵه‌تی له خاكی كوردستان و جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنی كردووه و تێدا رایگەیاندووە :” دوایین به‌یه‌كگه‌یشتنی فه‌رمییان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ له 23/5/2024 بووه، له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له هه‌ولێر به سه‌رپه‌رشتیی ئانۆ جه‌وهه‌ر عه‌بدۆكه، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی یونس خالید جه‌واد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری عێراق له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ و سه‌فا جه‌بار ناسر، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له وه‌زاره‌ته‌كه و برۆنۆ ترۆكا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له كۆمپانیای ڕاوێژكاریی ئیتاڵی (BTP) و بیلال ئه‌لعه‌لی، ڕاوێژكاریی كۆمپانیا به‌ڕێوه چووه.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی هه‌ولێردا، ئانۆ جه‌وهه‌ر له باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه په‌یوه‌ندیی به وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه و هه‌ردوولا له‌سه‌ر كۆنووسی ئه‌و كۆبوونه‌وه هاوڕا بوون و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش تیمی هه‌ردوولا به كۆی ده‌نگ، واژۆیان له‌سه‌ر كۆنووسه‌كه كردووه.
ده‌شڵێت: ئه‌م كۆنووسه نه‌خشه و پلانی هاوبه‌شیی نێوان هه‌ردوولایه بۆ گه‌یشتن به بڕیاری كۆتایی سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدان له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دراوسێكانی هه‌رێم و له‌لایه‌ن هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه و كۆمپانیای ڕاوێژكاره‌وه له نزیكه‌وه به‌دواداچوونی بۆ ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتووشیه‌تی، بڕیار وابوو به پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه دووقۆڵییه، كۆنووسه‌كه بخرێته به‌رده‌م هه‌ر یه‌ك له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی واژۆی له‌سه‌ر بكه‌ن.
ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ی دوای چه‌ند كاتژمێر له واژۆكردنی ئه‌م كۆنووسه ڕووی دا، بووه‌ته جێی پرسیاره‌كه وه‌زاره‌ته‌كه، به‌تایبه‌تی كه تیمی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ به‌شداری له سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كان نه‌كردووه كه وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێگه‌ی خێرای نێوده‌وڵه‌تی له ناوخۆی كوردستان و ناوچه‌كانی دراوسێی پێشنیازی كردبوو.