بەیاننامەیەك لە فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك

دوای ئەوەی لە پرۆسەی دامەزراندنی پۆلیسی پارێزگای كەركووك تەنیا 7 كورد دامەزرێنراون و 149 دامەزرێنراوی دیكە زۆرینەیان عەرەبن، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگاری كەركووك بەیاننامەیەكی ناڕەزایی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی هاتووە ، بە تووندی ئەم سیاسەتی پەراوێزخستنەی کوردو پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک ڕەتدەکەینەوە کە ئێستا لەم شارە پەیڕەو دەکرێت.

دەشڵێ، لەم دواییە بۆمان دەرکەوتووە، لەکۆی دامەزراندنی 149پۆلیس بۆ کەرکووک تەنها 7کەسیان کوردبوون و ئەمە سەرەڕای زۆرینەی کورد وەک پێکهاتەی شارەکە، ڕێژەی کورد لە دامەزراوەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ کەمتر لە 15% دابەزیووە و ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە.

هەروەها هۆشداری دەدات بە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کەوا ئەم ناعەدالەتیە ڕابگرن و هەنگاو بنێن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگیە بە شێوەیەک کەوا عەدالەت بگەڕێتەوە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و ڕێگریش بکەن لەو پیلانە شۆڤێنیەی کەوا دژی پێکهاتە ڕەسەنەکانی شارەکە بەڕێوەدەچێت.

Back to top button