بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان سەرجەم هێزەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، سەرجەم هێزەکانی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە وەک خۆی:

“هاونیشتمانیانی ئازیز

بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و پشووەکانی ئەم جەژنە لەسەر فەرمانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لیوای مافپەروەر ( یادگار انوەر فەرەج ) لە رێکەوتی ٢٩/٣/٢٠٢٥ تاکو ٥/٤/٢٠٢٥ سەرجەم هێزەکانی بەرگری شارستانیی لەتەواوی هەرێمی کوردستان خرانە حالەتی ئامادەباشیی بەمەبەستی پاراستنی سەرو مالی هاولاتیان و جێ بەجێ کردنی پلانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بەم شێوەیە:
١. سەرجەم بنکەکانی ناو شار و دەرەوی شار لە ئێشکگری تەواو دا دەبن .
٢. ⁠تیمی گەڕۆک بەردەوام دەبن لە شوێنە گشتییەکانی ناو شار و بازارەکان .
٣. ⁠بەهەماهەنگئ لەگەل دیوانی پارێزگاکان و دەستەی گەشتووگوزار ناوچە گەشتیاریەکان تیمی گەڕۆکی لێ جێگیر دەکرێت بۆ پاراستنی گەشتیاران .
ڕێنماییەکان :
هانیشتیمانی ئازیز بۆ سەلامەتی خۆت تکایە پەیڕەوی ئەم ڕێنماییانە بکە :
١.لەکاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک سەرەتا پەیوەندی بە ژمارە (١١٥ ) بکە بۆئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانیی بەزووترین کات بگەنە شوێنی ڕووداو .
٢.ئەگەر بەمەبەستی گەشت و سەیران لەماڵ دەرچویت باشترە هەموو ئامێرە کارەباییەکان بکوژێنرێتەوە ، چونکە لە ماوەی رابردوو زۆرترین حالەتی سووتانی مالان رویداوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە .
٣. ناوچە گەشتیاریەکان بپارێزە وریای پاشماوەی ئاگری چێشتلێنان بن بەتەواوی بیکوژێنەوە کە کارت پێی نەما .
٤. ⁠خەلووزی نێرگەلە هۆکاری سەرەکین بۆ کەوتنەوەی ئاگر لە مالان و ناوچە گەشتیاریەکان بۆیە بە ووریایەوە بەکاری بێنە .
٥. ⁠بەهۆی کەمی باران بارین لەم سالدا وشکی خاک و بوونی پوش و پەلاش فڕێدانی جگەرە مەترسیدارە ، بۆیە کە جگەرەکەت کێشا لە جامی ئۆتۆمۆبیلەکەت فڕێی مەدە دەرەوە بەتایبەتی لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار.
٦. ⁠خاوەن هوتێل و موتێلەکان و شوێنە گەشتیاریەکان دەبێت بەتەواوی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی جێ بەجێ بکەن کە پێیان دراوە چونکە پالەپەستۆیەکی زۆریان لەسەر دەبێت بەهۆی هاتنی گەشتیارانی ناوەراست و خوارووی عێراق .
٧. ⁠شەقامەکانی دەرەوەی شار قەرەبالغ دەبن تکایە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل پەیڕەوی ڕێنماییەکانی برایانی پۆلیسی هاتووچۆ بن بۆ سەلامەتی خۆت و گشتیی .
٨. ⁠لەو ناوچانەی ئاوی لێیە تکایە مەلە مەکەن ژیانی خۆت مەخەرە مەترسیەوە .
٩. ⁠دایکان و باوکان تکایە ئەگەر بەمەبەستی گەشت چونە دەرەوە ئاگاداری مندالەکانتان بن لەو شوێنانەی ئاوی لێیە ، با رووداوە ناخۆشەکانی سالانی رابردوو دووبارە نەبنەوە .
١٠. لەهەموو بارودۆخێکدا تکایە بەزووترین کات پەیوەندی بکەن بە هێلی گەرمی بەرگری شارستانیی ژمارە ( 115 ).”

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان

#Xwakurk #خواکوڕك

Back to top button