ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران

وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار رایدەگەیەنێت، ئاماده‌كاری بۆ پێشوازی له گه‌شتیاران كراوه بۆ رۆژانی پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زان و ده‌شڵێ، زیادبوونی پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، هۆكاره بۆ راكێشانی گه‌شتیاران.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار راگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هاتنی گه‌شتیاران له رۆژانی پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا کراون له‌ڕێگه‌ی هه‌شت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزار له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، هاوکات پێش هه‌فته‌یه‌ك ده‌ست به ئاماده‌كاری هه‌م بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز و هه‌میش بۆ جه‌ژنی ره‌مه‌زان كراوه، پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌یه‌كی به‌رچاو گەشتیار له رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
وته‌بێژی گه‌شتوگوزار ئاشکراشی دەکات، هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان هه‌یه بۆ پێشوازی له گه‌شتیاران و ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ش پێكهاتوون، به‌تایبه‌تی له بازگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو پێشوازی له گه‌شتیاران ده‌كرێت، جێگه‌ی خۆشحاڵییه ڕێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزبووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار دەبێت.
عه‌بدولمه‌جید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌هۆی سه‌قامگیری ره‌وشی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، به‌رده‌وام گه‌شتیاران روو له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و به‌پێی پلانی هه‌شت ساڵه‌ی گه‌شتوگوزاریش ساڵ به ساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران له زیادبووندایه.