ئامارەكانی رۆژانی جەژنی رەمەزان لە هەولێر راگەیاندرا

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەى ئەمنیی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان ئامادەکاریی بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێ کرا.
ئاماری گشتی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، لە سنووری پارێزگای هەولێر:
یەکەم/ گەشتوگوزار-
سەبارەت بە پلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆیان و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنیا لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (76 هەزار و 654) گەشتیار.
دووەم/ ئاسایشی هەولێر-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکارییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکوو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرکدا بوون.
سێیەم/ پۆلیس-
سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەئامادەباشیی تەواودا بوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراون، ئاماری تاوانەکان لە ڕۆژانی جەژن (28) تاوان تۆمار کراوە، ( 28 ) تاوان ئاشکرا کراوە.
چوارەم/ هاتوچۆ-
سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنوێنی و یاساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، (4) ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دا و لە ئەنجامیاندا (12) کەس بریندار بوون.
پێنجەم/ بەرگریی شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرکدا بوون، لەو ماویەشدا (9) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبوون، سەرجەم حاڵەتەكانی ئاگرکەوتنەوە لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماڵی، هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتووەتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستى-
لە سێ ڕۆژی جەژن تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرکدا بوونە، لەو ماوەیەشدا (5 هەزار و 874) هاووڵاتی سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (119) منداڵ لە دایک بووە (71 کوڕ) و (48 کچ)، (669) نەشتەرگەرى جۆراو جۆر ئەنجام دراوە لەگەڵ (620) حاڵەتى شوشتنی گورچیلە، (159) نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەریان وەرگرتووە و (520) نەخۆشیش لە سەنتەری ئاوات چارەسەری تیشکیان وەرگرتووە.
حەوتەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی-
سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرکدا بوونە و لەو ڕۆژانەشدا (6 هەزار و 956) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.