هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئیماراتییەکان ژمارەیەک پرۆژە جێبەجێ دەکەن

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت :” هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئیماراتییەکان ژمارەیەک پرۆژە جێبەجێ دەکەن و هەروەها هانیان دەدەین بێن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.”

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند ” دووەم ساڵە بەشداری لووتکەی ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان دەکەین، ئەنجامی ساڵی ڕابردووی بەشداری هەرێمی کوردستان لە لووتکەکە زۆر باش و ئەرێنی بوو. پێشبینی دەکەین، ئەمجارە ئەنجامەکە کاریگەرتر بێت، چونکە ئەمساڵ وەبەرهێنەرانمان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەشدارییان لە لووتکەکەدا کردووە.”

گوتی: “لە میانی لووتکەکەدا، بەشداریی ژمارەیەک پانێلی تایبەت دەکەین. هاوکات ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک، سەرۆک وەزیران، وەزیرانی ئابووریی و پیشەسازیی و وەبەرهێنەرانی وڵاتان دەبێت. ئامانجمانە، پەرە بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بدەین و هەروەها هانیان بدەین بێن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.”

زیاتر گوتی “لە پێشانگایەکی تایبەت بە لووتکەکە ‘کوردستان پاڤیلیۆن’ـمان دروست کردووە کە شوێنێکی تایبەتە بە پیشاندانی دەرفەتەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و بیانی.”

Back to top button