شیفا بارزانی لە ئاهەنگی نەورۆزی تبلیس: سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین زمانی کوردی بپارێزین

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی، لە ئاهەنگی نەورۆزی تبلیسی وڵاتی گورجستان گوتی: سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین زمانی کوردی بپارێزین، چونکە پاراستنی زمان، پاراستنی بوونی ئێمەیە.
دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، لە تبلیسی وڵاتی گورجستان، دەزگای ڕوناهی ئاهەنگی نەورۆزی بۆ کوردستانیانی ئەو وڵاتە بە ئامادەبوونی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی ڕێکخست، لە ئاهەنگەکەدا شیفا بارزانی گوتی: 2725 ساڵ پێش ئێستا و تا هەنووکە کورد ئاهەنگی نەورۆزی لەسەر چیا بەرزەکانی هەڵکردووە و هەڵی دەکات، ئەو کاتە ئەو میللەتانەی ئێستا ئینکاری لە میللەتی کورد دەکەن، بوونیان لە ناوچەکەدا نەبوو، بەڵام نەورۆز موڵکی کوردستان بوو، نەورۆز بوونی ئێمەیە و پێویستە بیپارێزین و ساڵانە ئاگری نەورۆز بەگڕتر بکەین.
گوتی: هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانمان لە بەهاردا بووە، هەر لەبەر ئەوە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان کورد و سروشت و چارەنووسدا هەیە، ئەو پەیوەندییەش بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی گوتی: لێرە بە تەنها جەژنی نەورۆز ناکەین، بەڵکو پەیوەندییەکانمان لەنێوخۆمان و نەتەوە و کلتوور و مێژوو و نیشتمان دووبارە نوێ دەکەینەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو خەباتە لەبن نەهاتووەی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی دەیکات، نوێ دەکەینەوە، لە نەورۆزدا بەڵێنی نیشتمانی بوون و یەکێتی گەلی خۆمان دووپات دەکەینەوە، نەورۆزی ئەمساڵمان لە کاتێکدایە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاری گەورەدایە، پێویستە ئێوەی کوردستانیان لە وڵاتانی دیاسپۆرا ڕۆڵی خۆتان بگێڕن بۆ ئەوەی دەنگی گەلەکەمان بگەیننە بەرپرسان و دامەزارەوەکانی ئەو وڵاتانە، بۆ پشتیوانی کردنی میللەتی ئێمە.
شیفا بارزانی گوتی: پێویستە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، کورد ڕۆڵی تێدا هەبێت و بەشێوەیەکی ئاشتیانە، پشتگیری بەدەستهێنانی مافی کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان بکرێت، سەرە ڕای سوپاسی وڵاتی گورجستان و وڵاتانی یەکێتی سوڤێتی پێشوو کە دەرفەتی باشیان داوە بۆ پاراستنی شوناس و زمانی کوردی، هاوکات داوا دەکەین پتر هاوکاریی میللەتی ئێمە بکەن و مافی کلتووری و ڕۆشنبیری زیاتر بدەنە گەلی ئێمە و قوتابخانەی زمانی کوردی بکەنەوە، گوتی: داوا لە کوردستانیانی گورجستان دەکەین، هاووڵاتی باشبن، پابەندی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین، لە بیری توندڕەوی و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دوور بکەونەوە.
شیفا بارزانی گوتی: پێویستە سوپاسی کوردستانیانی دانیشتووی گورجستان و وڵاتانی یەکێتی سۆڤێتی پێشوو بکەم، ئەوان بە جوانی پارێزگاریان لە زمان و ناسنامە و کلتوور و تەنانەت ئاینی خۆیانی ئێزدی کردووە، کوردانی ئەو وڵاتانە بەزمانێکی کوردی ڕەسەن قسە دەکەن، بێگومان دایکان ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیان لەوبارەوە گێڕاوە، ناوی ئەوان وەک شێرەژن دێنم و دەستیان دەگوشم و ماچ دەکەم.
شیفا بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، یەک لە بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی میللەتی کوردی بێ دەوڵەت، زمانە،گوتی: پاراستنی زمان، پاراستنی بوون و مانەوەی ئێمەیە، هەر لەبەر ئەوەش سەرۆک بارزانی ئێمە ڕادەسپێرێت زمانی کوردی بپارێزین، لەو چوارچێوەیەشدا بەهاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەچاودێری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەریمی کوردستان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ ماوەی 15 ساڵ ئیمزا کرد بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە شێوەزار و پیتی جیا بگەیەننە هەموو ماڵێکی کوردستانی لە دیاسپۆرا، ڕایگەیاند کە، ساڵی داهاتوو ئەو بەرنامەیە دەکەوێتە کار و هەر ماڵێکی کوردستانی لە دیاسپۆرا بەشێوەی ئۆنڵاین دەتوانن سوود لە زمانی کوردی وەربگرن و فێری ببن، بەتایبەت منداڵەکانیان، گوتی: داواتان لێدەکەم ئەوەندەی پێتان دەکرێت منداڵەکان و خەڵکتان ئاگەدار بکەنەوە بچنە نێو ئەو پرۆگرامەی زمان و بە ڕژدی منداڵانی خۆتان فێری زمانی کوردی بکەن، داوای لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان کرد خەڵکی کورد لە دیاسپۆرا هۆشیار بکەنەوە بۆ ئەوەی بێنە نێو ئەو پرۆگرامە.