مەلامستەفا بارزانی سەردانی خانەوادەی ئاڤێستا یوسف بەرزنجی کرد

مەلامستەفا بارزانی بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەکەی سەردانی خانەوادەی ئاڤێستا یوسف بەرزنجی کرد
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی بڵایکردەوە:” ئەمرۆ سێشەممە ٨ـی نیسانی ٢٠٢٥ لە دەڤەری بارزان، بەڕێز مەلامستەفا بارزانی بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی (ئاڤێستا سەید یوسف بەرزنجی) سەردانی شوێنی ڕووداوەکە و خانەوادەی ئاڤێستای جوانەمەرگی کرد.
چەند ڕۆژێک پێش (ئاڤێستا) کە بۆ گەشت کردن سەردانی دەڤەری بارزانی کردبوو، کەوتبووە ناو زێی گەورە و تا ئێستا چارەنوسی دیار نیە، لە لای خۆیەوە بەڕێز مەلامستەفا بارزانی لە رۆژی یەکەمەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەڤەرەکەی ڕاسپاردبوو بۆ کاری پێویست بۆ ئەو ڕووداوە و بە هاناوە چوونی کەسوکاری ئاڤێستا، هەروەها بەڕێزیان لەسەردانەکەی ئەمڕۆیاندا دلگرانی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ئەو ڕووداوە خەمبارەی بەو خانەوادەیە ڕاگەیاند و، پێیانی ڕاگەیاند کە جەنابیان رایسپاردووە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پێویستییەک تا ئەوکاتەی تەرمی ئەو گەنجە دەدۆزرێتەوە، لە بەرامبەردا لای خۆیانەوە خانەوادەی ئاڤێستا سوپاسی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و خەلکی دلسۆز و بە وەفای دەڤەری بارزان/ ـیان کرد کە لە ڕۆژی یەکەمەوە خەمخۆرانە لەم ڕووداوە دلتەزێنەدا لەگەلیان بوونە و لە هەموو جۆرە خزمەت و هاوکارییەک دەریخییان نەکردووە .