سەرۆک بارزانی حەڤدەمین پێشانگەی نێودەولەتی کتێب لە هەولێر دەکاتەوە

رۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی حەڤدەمین پێشانگەی نێودەولەتی کتێبی لە هەولێر کردەوە.
ئەو پێشانگەیە کە لە لایەن دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ڕێکخراوە، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک میوان و نوێنەری وڵاتان و کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس لەژێر ناونیشانی “جیهان بە کوردی دەدوێت” دەستی بە کارەکانی کرد و بۆ ماوەی دە ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە مەڕاسیمی کردنەوەی ئەم پێشانگایەدا سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد کە ئەوەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
میوانە بەڕێزەكان، ئامادەبوانی بەڕێز،
هەمووتان بەخێر بێن، زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان و ئومێدەوارم وەختێكی خۆش بەرنە سەر لە هەولێر. زۆر سوپاستان دەكەین بۆ هاتنتان.
ئەمڕۆ جارێكی تر دەبینین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، حەڤدەمین پێشانگای كتێب دەكرێتەوە و ئەمە بووە بە نەریتێك كە جێگەی خۆشحاڵیمانە، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە كاك فەخری كەریم دەكەم، هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای (ئەلمەدا) و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ئەركیان كێشا و ماندوو بوون لە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامە ڕێكوپێكە. ساڵ بە ساڵ دەبینین كە پێشانگای كتێب بەرەوپێشچوونێكی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت و هەر ساڵێك باشترە لە ساڵی پێشتر، ئینشائەڵا ئەم كارە بەردەوام بێت و هەر لە خۆشیدا بتانبینین.
هەرچەندە دونیا بەرەوپێش بچێت، تەكنەلۆژیا بەرەوپێش بچێت، ئەو فەرموودەیەی شاعیری گەورەی عەرەب (موتەنەبی) ئەو حەقیقەتە بە زیندوویی دەمێنێتەوە كە دەڵێت “وخير جليس في الزمان كتاب” قیمەتی كتێب و ئەهمیەتی كتێب بە هیچ شتێك لاناچێ، بەردەوام دەبێت و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بە دەرفەتی دەزانم ئەمڕۆ ئاماژە بە چەند بابەتێك بكەم، یەكەم: داكۆكی دەكەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی كە شانازی پێوە دەكەین، فەرهەنگی پێكەوەژیان، یەكتری قەبووڵكردن، ئازادیی بیروڕا، ئازادیی دین، ئازادیی مەزهەب. ئەمانە بنەمایەكن كە بە هیچ شێوەیەك موساوەمەی لەسەر ناكرێت، با هەموو كەس ئەمە باش بزانێت.
هەروەها دێمە سەر دۆخی ناوخۆی هەرێم، تەبیعی دۆخی هەرێم بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەكە بە گشتی. بەڵام لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی كوردستان كە زۆر لایەن و زۆر كەس وایاندەزانی هەڵبژاردن ناكرێ یان ئەگەر هەڵبژاردن كرا، گرفتی گەورە ڕوودەدات و موشكیلەی گەورە ڕوودەدات، هەڵبژاردن كرا و بە شاهێدیی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو ئەو ڕێكخراوانەی هاتبوون، هەڵبژاردنێكی بێگەرد بوو، هیچ هەڵبژاردنێك رەنگە نەبێت لە دونیادا بێكەموكوڕی، بەڵام بە موقایەسە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشوو، هەڵبژاردنێكی زۆر زۆر باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەركەوت.
تەبعەن ئێمە ئێستاش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی كە كورسییان بەدەست هێناوە، هەركەسە و بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێكەوە حكوومەتێك، كابینەیەك دروست بكەین، كوردستان موڵكی هەموومانە و هەمووشمان برای یەكترین، هەموومان كەسی یەكترین، جوان نییە یەكتری بشكێنین. با ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوە بێت كە ڕێگەی باشتر پیشانی كابینە بدات، پیشانی حكوومەت بدات، پیشانی پەرلەمان بدات، با لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە، لێرەدا جارێكی تر داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم بەشدار بن، بەڵام مەسئولیەتی هەرە گەورە دەكەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی، تا ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. دەبێ بە هەرچی زووتر، ئیشەكان تەواو بكەن و كابینەكە دروست بكرێت، چونكە وەكوو دەبینین دەوروبەری ئێمە و لە دونیا هەمووی قەیرانی گەورە ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوە بێت، بۆیە تەنها مەرجی سەركەوتنی كورد، یەكگرتنی كورد و كوردستانیانە. بۆ ئەم مەبەستە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەین، راسپاردەی منیش بۆ هەموو لایەنەكان، بە تایبەتی بۆ پارتی و یەكێتی، پەلە بكەن لە دروستكردنی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بە نسبەت هەرێم و بەغدا یان دۆخی عێراق بە گشتی، تا ئاستێكی باش هەندێك گرفت چارەسەر كراون لە نێوان بەغدا و هەرێم، بەڵام هێشتا زۆری ماوە. هەر دۆخی عێراق بە گشتی لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٣، عێراقی تازە لەسەر سێ بنەمای سەرەكی دامەزرا، (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، بەداخەوە ئیلتزامی پێوە نەكرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستوورێك نووسرایەوە بۆ عێراق كە كورد رۆڵێكی سەرەكیی بینی لەوەدا و ٨٥٪ی خەڵكی عێراق دەنگیان پێی دا، ئەگەر ئیلتزام بەو دەستوورە كرابا، زۆرێك لەو گرفتانەی كە خەڵكی عێراق بە گشتی و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا، ڕەنگە ئەو گرفتانە ڕوویان نەدەدا. ئێستاش چارەسەری بنەڕەتیی گەڕانەوەیە بۆ ئەو سێ بنەمایە و پابەندبوون بە دەستوور، بۆ ئەم مەبەستە هەرچی بە ئێمە بكرێت، ئێمە ئامادەین. دەبێ ئەو هێزانە چ لە هەرێم و چ لە بەغدا، جورئەتی ئەوەیان هەبێت، دان بە هەڵەكاندا بنێن و دیسان لاپەڕەیەكی تازە بكەنەوە بۆ ئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت، هەروەك دەبینین لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەیە، شەڕی گەورە بەڕێوەیە، شەڕی گەورە ڕووی داوە. ئێمە ئومێدەوارین هەرچی زووتر ئەو شەڕانە كۆتاییان پێ بێ و ئێش و ئازاری ئەو خەڵكە تەواو ببێ، چ لە فەڵەستین، چ لە لوبنان، چ لە هەر ناوچەیەكی تر. بەڵام لە هەمووی موهیمتر ئەوەیە كە دەبێ ئەوانەی كە ئێستا كاربەدەستن لە بەغدا، بە هەموو توانایەك هەوڵ بدەن عێراق تێكەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت.
لە كۆتاییدا داوای سەركەوتن هەم بۆ خەڵكی كوردستان، هەم بۆ خەڵكی عێراق و هەموو گەلانی ناوچەكە دەكەم، تەمەننای بەختەوەرییان بۆ دەكەم، تەمەننای ئاشتی و سەلامەتییان بۆ دەكەم و ئێوەش جارێكی تر بەخێربێن سەرچاوان، زۆر زۆر سوپاستان دەكەین بۆ هاتنتان و هەر لە خۆشیدا بن.
زۆر سوپاس…