بەفەرمانی سەرۆك بارزانی سەرجەم تیمەكانی هەولێر لە دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف بەشدار دەبن

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، بڕیاردرا سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاریی هەولێر بەشداربن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف ئەو كچەی چەند رۆژێك پێش ئێستا لە كاتی گەشت و سەیراندا لەناو ئاو لە دەڤەری بارزان خنكابوو.
پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە: بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا سەید یوسف، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەلامستەفا مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردوامن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو”.
بڵاویشی كردەوە: مەلامستەفا بارزانی بۆ بەجێگەیاندنی ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا پارێزگاری هەولێری ڕاسپارد کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاری شاری هەولێریش لە سنووری (بێخمە تا شارۆچكەی خەبات) بخرێنە ئەرک و هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یووسف.
رۆژی شەممەی رابردوو خانەوادەی سەید یوسف بۆ گەشتکردن چوونەتە سنووری قەزایی مێرگەسۆر، لەو کاتەدا یەکێک لە کچ و کورەکانی سەید یوسف بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری زێی گەورە و کورەکەی دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، براکەی بە سەلامەتی دەردەچێت، بەلام خوشکەكەی کە تەمەن 27 ساڵ بوو دەکەوێتە ناو زێی گەورە و لەو كاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە و تیمەکانی فریاگوزاری و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سۆراغی تەرمی ناوبراو.