پەیامێک لە بەشار موشیر ئاغا گۆران بۆ ڕای گشتی و تەواوی عەشیرەتی گۆران

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤-٤-٢٠٢٥، چەند گەنجێکمان تووشی هەڵچوون بوون و شەڕ لەنێوانیان دروست بووە، بەداخەوە سێ کەس بریندار بوون. ئەوەی ڕوویداوە، نە پلان بۆ داڕێژراو بووە و نە بڕیاری پێشوەختەی شەڕکردن هەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی لێک تێنەگەیشتن ڕوویداوە. بریندارەکان لە هەردوو لا ڕۆڵە و کەسی منن و، پشتیوان بە خوای گەورە، لە نزیکترین کاتدا کێشەکە کۆتایی دێت.
بەداخەوە، کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و ئارەزوومەندی بواری تێکدان، لە ڕێگای پەیج و پلاتفۆرمە ساختەکانی سۆشیال میدیاوە، خەریکی خۆشکردنی ئاگر و قووڵکردنەوەی زیاتری کێشەکەن. لێرەوە ڕایدەگەیەنین: یاسا سەروەرە ، هەموومان لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان و عەدالەتی بارزانین.
بە پێویستی دەزانم، لاوانمان لەنێو عەشیرەتی گۆران نەکەونە ژێر پەستان و بە پۆستە ساختەکان بڕوا نەکەن. هەوڵی دڵخۆشکردنی کەسانی بەرژەوەندیخواز و تێکدەر نەدەن.
لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە، بریندارەکانمان لە هەردوو لا سەلامەت بکات، چونکە دواجار، هەموو ڕۆڵەکانی گۆران کەس و کاری ئێمەن
بەشار موشیر ئاغا گۆران
14.4.2025