سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكات

رۆژی سێشەممە 15ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ڤیكتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لە دۆستایەتی و هاوبەشیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە لەپێناو دابینكردنی سەقامگیری و پێشڤەچوون لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.
هەر لەو دیدارە گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی كرا و بیروڕا لەبارەی گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی لایەنە كوردییەكانی سووریاو داهاتوو و پەیوەندییان لەگەڵ حكوومەتی تازەی سووریا ئاڵوگۆڕكرا.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەماهەنگی نێوانیان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئالنگارییەكان.
گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.