سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و رۆشنبیری عەرەب دەكات

رۆژی پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و رۆشنبیری عەرەب كرد كە بەبۆنەی كردنەوەی حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و پاڵپشتیكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و سەقامگیری هەبوو و هەروەها ستایشی كولتووری مێواندۆستی و رۆحی یەكترقبووڵكردن و رێزگرتنی گەلی كوردستانیان كرد و وەك نموونەیەكی باڵا و جیاواز لە ناوچەكە وەسفیان كرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و قۆناغی راپەڕین و دوای راپەڕین بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان لەدوای راپەڕین، لێبوردە بوو و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەكانی نەبرد و لاپەڕەیەكی تازەی لە ژیانی سیاسیی خۆی كردەوە.
سەرۆك بارزانی لە گوتەكانیدا پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو لایەك پابەندی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بن.
لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەبارەی كێشە جەوهەرییەكانی ناوچەكە و بارودۆخی سووریا ئامادەبوان كۆمەڵێك پرسیار و تێبینیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە.