وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان دوادەکەوێت

ئەمساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان دوادەکەوێت و تەنها 400 هەزار تۆن بڕیارە بەغدا وەربگرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” لە کوردستان وەرگرتنی گەنم دوا دەکەوێت، چونکە گەنم لە هەرێمی کوردستان درەنگتر پێدەگات و مانگی شەش دەست بە وەرگرتنی دەکرێت .
گوتیشی:” ساڵی ڕابردوو بەغدا 700 هەزار تۆنیان بۆ دیاری کردین، بۆ ئەمساڵ بڕیارە 400 هەزار تۆن بێت، بەڵام لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی کوردستان زیاد بکرێت، ئێمە بەو ڕێژەیە ڕازی نابین، چونکە گەنمی کوردستان لەو ڕێژەیە زیاترە کە ئەوان دیارییان کردووە پێشبینیشی دەکەن.
ڕاشیگەیاند “گەنمی کوردستان زۆرە، ڕاستە لە هەندێک شوێن گەنم کەمە، بەهۆی کەمبارانی، بەڵام لە هەندێک شوێنی دیکە بەهۆی مەڕەشە و ئاودانەوە گەنمی باش چێنراوە و بەرهەمەکەشی زۆر زیاترە لەوەی ئێمە پێشبینی دەکەین”.