سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات

ئهمڕۆ هەینی 18ی نیسانی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد. لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کرا. هەروەها باس لە گرنگی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی بە تورکیا و ئەوروپا لە رێگەی هێڵی ئاسنین کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. لەمبارەیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە.