ئاسایشی هەولێر ڕێوی زێڕینگرانی دەستگیر کرد

لە راگەیاندراوێکدا ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئەو کەسەیان دەستگیر کرد کە بەڕێوی زێڕینگران ناسرابوو، فێڵی لە زۆرینەی زێڕینگران کردبوو.
ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوەکەیدا ئاشکرای کردووە، کەسێک فێڵی لە زۆرینەی زێڕینگرەکانی کوردستان کردووە، کەسەکە خۆی ناوی ڕەوانە و خەڵکی سووریایە و عەرەبە، ملوانکەی تەنەکەی هێناوە و ئاو زێڕی کردووە و بە زێڕینگرەکانی فرۆشتووەتەوە گوایە زێڕە، دواتر زێڕینگرەکان بۆیان دەرکەوتووە ئەوەی لەو کەسە کڕیویانەتەوە، زێڕ نییە و تەنەکەیە.
ئاسایشی هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: ئەو کەسە بۆ فێڵەکە ناوی خوازراوی بەکارهێناوە لەسەر پسوولەی بەناو بابەتە زێڕەکان، بە نموونەش، ناوی ڕێباز و بوشرای بەکارهێناوە، زێڕینگرەکانیش لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە فێڵی ئەو کەسە ئاگەدار کردووەتەوە، دوای ئەوە بەدواداچوونیان کردووە و کسەکەیان دەستنیشان کردووە، دوای بڕیاری دادوەر دەستگیریان کردووە.
ئاسایشی هەولێر داوا دەکات هەر کەسێک سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە هەیە ،سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بکات، هاوکات سوپاسی هاوڵاتیانی کردووە کە هەمیشە هاوکاریانن لە پێدانی زانیاری.