بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت

بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە دەستپێشخەرییەکی ناوازەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دنیا و نوێنەرانی حکومەتەکان لە ئەمریکا و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) ، لە ڕۆژانی 23-25ی نیسانی 2025، بۆ یەکەمین جار، لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت، ڕۆژی نزای نیشتمانی بەڕێوەدەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “بەشداران لە گردبوونەوەیەکی برایانەی هاوبەش و لە کەشێکی ڕووحانی پڕ لە نزا و پاڕانەوە بۆ خوای گەورە، لە هەولێری پایتەخت بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی کۆ دەبنەوە و نزا بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن کە پەناگەیەکی ئارامە بۆ گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەیە لە جیهاندا.”