سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا: پابەندین بە پشتیوانی هەرێمی كوردستان

خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریكا گەیشتنە هەولێر لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە, سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە “خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات”.
پاش كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریكا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا لە گوتەیەكدا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی بارزانی و دەستكەوتەكانی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و گوتویەتی “قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆدا بە نرخترین بابەتە و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات”.

بەپێی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد ئەوەشی خستووەتەڕوو كە بۆ بەردەوامیی سەركەوتنەكان پێویستیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.

سەرۆك ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا باسی لە “تێگەیشتنی ئەمریكا و ئیدارەی تازەی وڵاتەكەی كرد لە ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان. جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە”.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكومەت و سوپای ئەمریكای كرد لە شەڕی تیرۆردا و گوتی “جێگەی شانازییە بە یارمەتیی ئەمریكا و هاوپەیمانان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیشی لە بەردەوامی و بەهێزتربوونی هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا لە شەڕی تیرۆر كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارزانی باسی لەو نەهامەتانەی كرد، كە لەسەر دەستی حكومەتەكانی عێراقی تووشی گەلی كوردستان هاتووە. جەختی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و نەبوونی حەساسیەتی نەتەوەیی و تائیفی لە كوردستان كردەوە كە “هەر ئەو فەرهەنگەیە وای كردووە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا سەربكەوێت”.

شایەنی باسە, شاندی ئەمریكی پێكهاتبوون لە: جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا، جارید كۆشنەر، گەورە راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، تۆم بۆسارد، راوێژكاری ئاسایشی ناوخۆی سەرۆكی ئەمریكا، كێیت شیللەر، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكانی نووسینگەی ئۆڤەل، دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ داونسێند، فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی كۆنسوڵخانە و سوپای ئەمریكا.

Back to top button