عێراق ستەمێكی تر لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری عێراق رایگەیاند، هیچ بەرهەمێكی پیشەسازی جەنگی عێراقی، پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەکانی ئاسایشی كوردستان ناكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی نیسانی 2024، مەریوان قەرەنی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق، 13یەمین پێشانگەی ئاسایش و بەرگری و پیشەسازی جەنگی و ئاسایشی سیبرانی لە عێراق كردەوە، تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو لەو چەك و تۆپ و درۆنانە نمایش كران كە لەلایەن دەستەی پیشەسازی جەنگی عێراقییەوە بەرهەم هێنراون.
گوتیشی، بەگوێرەی بەدواداچوونمان، هەموو هێزەكانی عێراق بە سوپا و پۆلیس و گرووپەكانی حەشدی شەعبیش، سوود لەو بەرهەمانە وەردەگرن و هەندێك جار بەو بەرهەمانەشەوە لە دەرەوەی سیاسەتی گشتی دەوڵەت، چالاكی دەكەن و تەنانەت كێشەی هەرێمیشی پێ دەنێنەوە.
باسی لەوە كرد، ئەوەی جێی نیگەرانییە، هیچ بەرهەمێكی پیشەسازی جەنگی عێراقی پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە تەناهییەكانی كوردستان ناكرێت، وەك ئەوە مامەڵە دەكرێت كە هێزە تەناهییەكانی كوردستان هێزی عێراقی نەبن.
روونی كردەوە، جگە لەمانە، بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی 9 لە هەمان یاسا، پێویستە دەستەی پیشەسازی جەنگی عێراقی، لیژنەیەك پێك بهێنێت بە ناوی (لیژنەی هاوئاهەنگی پیشەسازی جەنگی (لجنە تنسیق التصنیع الحربی) كە یەكێك لە ئەندامەكانی ئەو لیژنەیە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بێت، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە تا ئێستە لیژنەكە دروست نەكراوە، یانیش هیچ نوێنەرێكی وەزارەتی پێشمەرگەی تێدا دانەنراوە.
مەریوان قەرەنی دەشڵێت، “بە دڵنیاییەوە ئەمە جیاكارییەكی گەورەیە و ستەمێكی ترە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە عێراق نایەوێت تواناكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە پێش بخات، هەرچەندە هێزی پێشمەرگە و تەواوی هێزەكانی كوردستان بەبێ ئەو چەكانەش، زۆر لە هێزە عێراقییەكان بەهێزتر و پێشكەوتووترن”.