مەسرور بارزانی: هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان ڕۆڵی کارای خۆیان لە گەیاندنی زانیاریی ڕاست بگێڕن

لە پەیامێکدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی پیرۆز دەکات و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی دووپات دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. لەم یادەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر ، پەیام و کاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن. هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست بگێڕن و هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان.

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2025/4/22

 

 

Back to top button