سەرۆك بارزانی: ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان

سەرۆک بارزانی لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.
ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان.
لەو یادەدا, داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن.
هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
22ـی نیسانی 2025