26ـی ئەم مانگە کۆنگرەی نیشتمانیی کوردی بەڕێوە دەچێت

بڕیاردرا 26ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی لە ڕۆژئاوای کورستان بەڕێوە بچێت. ئەنەکەسەش سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەکات.
لە راگەیاندراوێکدا ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند “ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی، لە شەممەی داهاتوو، 26-04-2025.”
دەشڵێ:” بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە “هەنگاوێکی گرنگ و دەستکەوتێکی سیاسییە کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلی کوردمانە لە سووریا” .
لە ڕاگەیەنراوکەدا هەورەها هاتووە “ئەم دەستکەوتە، لە ئەنجامی دەربڕینی ئیرادەی گەلی کورد و هەوڵە ماندوونەناسەکانی تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی و بە پشتیوانیی بەخشندەی برایان و دۆستان بە تایبەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵی برا مەزڵووم عەبدی هاتە ئاراوە.”
ئەنەکەسە هیواش دەخوازێت “ئەم کۆنفرانسە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناغێکی نوێی هاوکاریی بنیاتنەر لە نێوان پارتەکانی بزووتنەوەی سیاسی کورد و بەهێزکردنی متمانە لەگەڵ جەماوەر و کردنەوەی ئاسۆی فراوانتر بۆ پەیوەندییە نیشتمانییە پتەوەکان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا.”
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەشیدا ئەنەکەسە دووپاتی کردووەتەوە “یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کورد پێویستییەکی بەپەلەی نەتەوەیییە و هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە هاوبەشی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی سووریایەکی دیموکرات و گشتگیر کە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لەخۆ بگرێت.”