سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی سێشەممە 22ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عرفان سدیق باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز ئاندرۆ بیزلی كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، لە سەرەتادا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتن و پیرۆزباییەكی گەرمی لە باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عێراق كرد بۆ دەستبەكاربوونی و وێڕای دەربڕینی هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی خۆی، هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عێراق خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.
هەر لەو دیدارەدا باسی ڕووداوەكانی ناوچەكە بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا.
لە كۆتایی ئەو دیدارەدا جەخت لە پەرەپێدانی دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و بریتانیا كرایەوە.