ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی لە جیهاندا لە هەولێر دەکاتەوە

لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە جیهاندا لەهەولێر دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ بڕیاریداوە 30 کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەواوی جیهان دابخات.
داخستنی ئەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانانە لەچوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کونسوڵخانەکەی لە هەولێر گەورەترینە و خەرجی زۆرە، داناخرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لەهەولێر بکرێتەوە.
وتەبێژی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، کۆتایی ئەمساڵ کونسوڵخانە تازەکەمان لەهەولێر دەکەینەوە، ئەمەش نیشانەی پابەندبوونی ئەمریکایە بەهاوبەشیکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی کونسوڵخانەی ئەمریک لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت:
– حکومەتێکی بەهێز و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان پێویستە بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
– داوا دەکەین بە خێرایی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
– لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش ئەڵێ، “داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان و کۆمپانیاکان دەکەین، لە نزیکترین کاتدا لەسەر کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیا ڕێکبکەون.
– ئەمریکا بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەو پێیەی ئێمە پێمان وایە کە ژینگەیەکی بازرگانی تەندروست کە ڕێز لە گرێبەستەکان بگرێت، هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگە بە گەشەسەندنی بازرگانی بدات بۆ هەمووان باشە.
– هاوکات پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکەین بۆ چاودێریکردن و گرتنەبەری کردەوە لەدژی ئەو گروپە تیرۆریستییانە کە ڕەنگە هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام لە عێراق بدەن.