وەزارەتی تەندروستی رێنمایی نوێی لەبارەی نەخۆشی تای خونبەربوون بڵاو کردەوە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت رێنمایی لەبارەی تای خونبەربوون بڵاو کردەوە و رایگەیاند :” بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتی دەکات.
2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.
3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.
4- بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ کەلاش مەکەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.