هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی خۆڵبارینەوە دەدرێت

تەندروستی هەولێر لەبارەی مەترسی خۆڵبارین و رێگاکانی خۆپارێزی چەند رێنوێنییەک بڵاو دەکاتەوە و جەخت لە خۆپارێزی دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بڵاویکردەوە، خۆڵبارین چەندین کاریگەری خراپی بۆ سەر تەندروستی هەیە، لەوانە:
٭ دەبێتە هۆی هەستیاری و پێڵووی چاوەکان سوور دەبنەوە و تووشی خوران دەبن.
٭ هەستیاریی لووت و بەتایبەتتر ناوپۆشی لووت سوور دەبێتەوە و تووشی هەوکردن دەبێت، بەمەش گیرانی لووت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.
٭ فشاری خوێن و خوێنبەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست، زۆر جار دەرەنجامی ئەو خۆڵبارینەیە و کاریگەری لەسەر ئەو کەسە دروست دەکات.
٭ ئەو کەسانەی تەنگەنەفەسن و ڕەبۆیان هەیە، لەگەڵ ئەم خۆڵبارینەدا حاڵەت و نیشانەکانیان زیاد دەکات.
٭ زۆر جار دەبێتە هۆی خورانی پێست و سوربوونەوە و نەخۆشی ئەکزیما.
٭ کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و ناڕەحەتییەكی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.
تەندروستی هەولێر بە پێویست دەزانێت هاووڵاتییان لە کاتی خۆڵباریندا ئەم چەند رێنوێنییەی خوارەوە پەیڕەو بکەن:
داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.
لە کاتی چوونە دەرەوە دەمامک ببەسترێ و خۆت و شوێنی مانەوە بە بەردەوامی ڕووپۆش بکەی.
دەرگا و پەنجەرەكان دابخە و ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆرە دەرەوە.
زۆر خواردنەوەی شلەمەنی، بەتایبەت لە کاتی شۆفێری و چوونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.
خواردنی میوە و سەوزە بە بەردەوامی.
تێکەڵ نەبوونی هاووڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.
داواشی کردووە، لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، هاووڵاتیان پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی ژمارە (122)ـەوە بکەن.