لە هەولێر ڕێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون دەگرێتەبەر

پارێزگای هەولێر، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و، پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، چەند ڕێکارێک دەگرێتەبەر.
لە دیوانى پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى تای خوێنبهربوون، کە نهخۆشییهكی ڤایرۆسی مهترسیداره بۆ سهر ژیانی مرۆڤ، بەڕێوە چوو، پارێزگای هەولێریش، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێکى ئەم نەخۆشییە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە و بە هۆیەوە چەند کەسێک گیانیان سپاردووە، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوە، چەند ڕێکارێک گیرانەبەر:
1- بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەر ببڕدرێت، هەر کەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر
2- قەسابەکان پابەندن بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنى کەلوپەلى خۆپارێزى.
3- پێویستە هاووڵاتییان گۆشتیى سوور لە شوێنى ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەى لەتکردنى گۆشت لە تەختەى لەتکردنى سەوزە جیاواز بێت.
4- بە هاوکارى یەکە کارگێڕیەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.
5- لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.
6- ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بە گشتى کە ئێستا دەستى پێکردووە.
7- خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.
8- دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ژێر سەرپەرشتی ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.
9- هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.