کاتی چوونی یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بۆ سعودیە راگەیاندرا 

ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ بەرەو تەواوبوونە و ئەو هاووڵاتییانەی ناویان گەڕاوەتەوە ئێستا ڤاکسین وەردەگرن و گوتەبیژی حەج و عومرەش دەڵێت: ئەمساڵ سێ جۆری ڤاکسین وەردەگرن.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی: پڕۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ئەو هاووڵاتییانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ حەجی ئەمساڵ بەردەوامە و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار کەس ڤاکسین وەردەگرن.

گوتیشی، لە چەند ساڵی ڕابردوو، هاووڵاتییان تەنیا یەک یان دوو ڤاکسینیان وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ بۆ سێ ڤاکسینمان وەردەگرن، ئەمەش بۆ سەلامەتیی زیاتری حاجیانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ڤاکسینەکان بەخۆرایی و بێ بەرانبەرنن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کاروان ستوونی، لە 10ـی ئایار تاوەکوو 20ـی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێ هینانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن.

بۆ حەجی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەکەی کردووە و، ئەم ساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودییە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.

Back to top button