ئەمریكا پەیامێكی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان راگەیاند

كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت ، هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە وا بكەین وەزارەتی پێشمەرگە ناحزبی بێت، هەروەها پێشمەرگە شە*ڕ بۆ هەرێمی كوردستان بكات .
ستیڤ بیتنەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پرۆگرامی تۆماری پێشمەرگە بریندارەكان كاری لەسەر كراوە، ئەم بەرنامەیە چەندان ئەفسەری سەربازی كاری تێدا دەكەن كە لە بواری تەندروستی لێهاتوون، تەكنیك و ڕێگەی باشیان پێدەدات، تا زانیارییەكانی پێشمەرگە تۆمار بكرێت و سوودیان لێ وەربگیرێت، بەوەش كاروباری تەندروستی پێشمەرگە بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەبات.
زیاتر گوتی، ئەو پلاتفۆرمە بەشێكە لە هەوڵەكانیان، بۆ ئەوەی وابكەن وەزارەتی پێشمەرگە ناحزبی بێت، ئەوەش وا دەكات پێشمەرگە شەڕ بۆ هەرێمی كوردستان بكات نەك بۆ كەسانێك و كەسایەتیی دیاریكراوی حزبی.
باسی لەوەش كرد، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەڕووی ڕاهێنانی پزیشكی و ڕاهێنانی ترەوە یارمەتیی هێزەكانی پێشمەرگەیان داوە، بەوەش توانای پێشمەرگە زیاتر دەبێت تا ڕووبەڕووی هەڕەشە جۆراوجۆرەكان ببێتەوە.