ئەنجومەنی ئاسایش: گرووپێکی تیرۆریستی دوو جار بە درۆن هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە 

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی دوو هێرشی درۆنی گرووپێکی تیرۆریستی، پێنج پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک بریندار بوون.

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.

بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.

لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.

ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

29ی نیسانی 2025

Back to top button