حكومەتی هەرێم بە فەرمی سكاڵا لەسەر بانكی (TBI) تۆمار دەکات

حكومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی پابەندنەبوونی بانکەکە بە فەرمی سكاڵا لەسەر بانكی (TBI) لە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق تۆمار دەکات .
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سكاڵای فەرمی دژی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) لەلای بانكی ناوەندیی و وەزارەتی دارایی لە بەغدا تۆمار دەكا، بەهۆی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولای ساڵی ڕابردوو.
عەزیز ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەین بە دواخستن و دانەنانی ئامێری نوێی پارەدەر لەلایەن بانكی (TBI)ـەوە لە هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكردووە: پێش ساڵێك، سەرۆكی بانكەكە بەڵێنی دا بە بەردەستخستنی 100 ئامێری نوێ لە چوارچێوەی پرۆژەی “هەژماری من”، كە پڕۆژەیەكی بەدیجیتاڵیكردنی مووچەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێ.
دەشڵێ: بانكەكە زیاتر لە 40 هەزار داوای لە فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێگەیشتووە لەو رووەوە، بەڵام هێشتا ئەو كارەی نەكردووە، هەروەها چاپكردنی كارتی فەرمانبەرانی مەدەنی تا ئێستە نەكردووە و دوای خستووە و فەرمانبەرانیش دانیان بەخۆیاندا گرتووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: هاوبەشانی نوێ، پێشبینیی خزمەتی باشتر لەو بانكە دەكەن، زۆرتر لەبەر ئەوەی بانكی حكومی پێشەنگە لە عێراق.