
بۆ یەکەمجار وەزارەتێکی هەرێمی کوردستان ناوی چووە کتێبی گینس
بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق رایگەیاند :” خەڵکی کوردستان وەک هۆشیارترین کۆمەڵگەی هۆشیاریی تەندروستی ناویان چووەتە کتێبی گینس.“
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ٤ی ٢٠٢٥، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی عێراقی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گوتی: ”بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەش کراوە، هەرێمی کوردستان هەنگاوی یاسایی، کارگێڕی، بەدواداچوونی گشتی و پۆلێنی نەخۆش و بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکانی بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام داوە. “
گوتیشی: ”لە ڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوه تونیومانە نرخی دەرمان، پێشوازی و پۆلینی حاڵەتەکانی نەخۆش ئەنجام بدەین، ئێستاش لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاییدا، بەتایبەتی کۆرۆنا و پەتا وەرزییەکان، کوردستان یەکێک لە باشترین شوێنەکان بووە، کە ڕێژەی قوربانی کەم بووه.“
هاوکات لەلایەن خۆشیەوە د. جەمیلە ڕابی، بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق گوتی: ”لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی تەندروستی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەکەین و هەماهەنگیمان هەیە بۆ هەر بابەتێک، کە پەیوەستە بە خزمەتگوزاریی تەندروستی هاووڵاتییانەوە.
باسی لەوەشکرد:” بەگشتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جدیی ناوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دواتریش پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی، ئەوەی زۆر جێگای دڵخۆشییە، ئاستی هۆشیاریی تەندروستییە لەلای هاووڵاتییان، کە لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، بۆیە ڕێکخراوەکەمان پشتیوانیی هەوڵەکانی کردووە و ئێستا خەڵکی کوردستان وەک هۆشیارترین کۆمەڵگەی هۆشیاریی تەندروستی ناویان چووەتە کتێبی گینس.“