راگەیاندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نيسانى 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدڕاڵ، لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا کە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی شایستەکانیان دوا نەکەوێت.