مەسرور بارزانی: پابەندبوونی خۆمان بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران دووپات دەکەینەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران پابەندبوونی حکومەت بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران دووپات دەکاتەوە.

لە پەیامێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە و، بەو بۆنەیەوە “گەرمترین پیرۆزبایی” لە گشت کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت: ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرک و بەشداریی کارای كرێكارانی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران:

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم .

ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرک و بەشداریی کارای كرێكارانی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا ، هەوڵی زۆری داوە و کاری کردووە لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان، لەم ڕووەشەوە، پابەندبوونی خۆمان بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکان و باشترکردنی هەلومەرجەکانی کارکردنیان دووپات دەکەینەوە.

ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە مافەکانیان پارێزراو بێت و تەندروست بن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2025/5/1

Back to top button