پۆلیسی هەولێر ژن و مێردێكی سواڵكەری ساختەچیی دەستگیر كرد

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی چەند سواڵكەرێكی ڕاگەیاند و دەشڵێت، داوا دەكەین هاووڵاتییان نەكەونە ژێر كاریگەریی هەست و سۆزی ئەو سواڵكەرانە.
لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاووڵاتییان بە ناوی سواڵکردنەوە دەستگیر کرد.”
باسی لەوەش كرد، كە ئەو “دوو تۆمەتبارە، لەسەر شەقام شۆفێران و هاووڵاتییانیان ڕادەگرت بەناوی ئەوەی كە کەمدەرامەتن و بەنزینیان لێ بڕاوە یاخود نەخۆشیان هەیە و داوای هاوکارییان لە هاووڵاتییان دەکرد، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە هەردوو تۆمەتبارەكە دەستگیر کران و ڕادەستی دادگە کران.”
پۆلیسی هەولێر داوا لە خەڵك دەكات، كە “نەکەونە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزی ئەو جۆرە کەسانە، چونکە ئەوانە فێڵبازن و مەبەستیان تەنیا کۆکردنەوەی پارەیە.”