مەسرور بارزانی: عێراق پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە

ئه‌مڕۆ دووشەممە 5/5 مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکی ئەنجومەنی نوێبەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو . لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵ کرا. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژە ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە. سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە، کە پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە. سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا ،کە عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت.

Back to top button