مەسرور بارزانی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ هەولێر بەسەر کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر بەسەر کردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، بەردی بناخەکەی دانا.
لە راگەیاندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، سەرپەرشت و ئەندازیارانی پرۆژەکە، کورتەیەکیان دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان خستە ڕوو کە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیەنێتە ناو شاری هەولێر و تا ئێستا زیاتر لە 75% پڕۆژەکە تەواو بووە و یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە سەر ئاستی عێراق و کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ چەندین ساڵ چارەسەر دەکات و کوالیتیی ئاوەکەش زۆر پاک و خاوێن و لە ئاستێکی بەرزدایە و بڕیارە ئەمساڵ بەر لەکاتی دیاریکراوی خۆی ، پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە “سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و سەرپەرشتیار و ئەندازایاران و تەواوی کارمەندان کرد و سوپاسی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری هەولێر.”