سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هیندستان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 5/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سۆمین باگچی باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسولی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵیۆز، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی.

هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هیندستان کردەوە.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسولی گشتیی هیندستانیشی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

باڵیۆزی هیندستان ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە سیستەمی بانکی.

باڵیۆزی هیندستان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان هەولێر و شارەکانی هیندستان هەبێت.

Back to top button