سەرۆک بارزانی: داهات و سامانی عێراق بۆ قڕكردن و كۆمەڵكوژیی كورد بەكاردەهێنرا

ئەمشەو پێنجشەممە سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیمانەیەکی تایبەتدا لە بەرنامەی “The Capitol hill show”ی کەناڵی شەمس وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری دایەوە.
پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆک بارزانی:
• باوکم کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر من، کاتێک باوکم چوو بۆ یەکێتیی سۆڤێتی جاران من تەمەنم شەش ساڵ بوو کە گەڕایەوە تەمەنم بوو بە دوازدە ساڵ، ئەو ماوەیە هەمووی باوکمم نەبینی، بەڵام دەمزانی لەپێناو قەزیەی میللەتەکەی چووە.
• خەباتی خێزانی ئێمە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی ماممەوە دەست پێ دەکات لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو داوای مافی گەلی کوردی کرد و دواتر لەسەر دەستی عوسمانییەکان لە ساڵی 1914 لەسێدارە درا.
• ئەمە بەرهەمی خوێنی هەزاران لاوی ئێمەیە، ڕەنج و زەحمەتێکی زۆری میللەتی ئێمەیە، شانازی بەم دۆخەوە دەکەین و چونکە دەزانین بەرهەنی خوێنی شەهیدانە.
• بە درێژایی مێژوو زۆر غەدر لە نەتەوەی کورد کراوە بەتایبەتی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، دابەش کراین بەبێ ئەوەی لە ئێمە بپرسن.
• دابەشکردنی کوردستان واقعێکی تاڵی بەجێهێشت بۆ ئێمە، تێدەگەین ئەم واقعە ئاسان نییە بگۆڕدرێت، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە گەلی کورد مەحروم بێت لە مافەکانی.
• ئێمە گەلێکین زوڵمێکی گەورەمان لێ کراوە، بەڵام ئاشتیخوازین نامانەوێت ئەم واقعە تاڵە بە زۆر بگۆڕدرێت، ئێمە دەمانەوێت بە دیالۆگ لەگەڵ ئەو میللەتانەی کە پێکەوەین بەشێوەیەکی ئاشتییانە گەلی کورد بە مافەکانی خۆی شاد ببێت.
• گۆڕانكارییەكانی سووریا پێشبینیكراو بوو، ئێمە پاشخانی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەزانین، هەرچەندە پەیامی ڕاستەوخۆمان نییە، بەڵام پەیامی ئەرێنییان بۆ ئاشتی ناردووە و دەڵێن دەیانەوێ لەگەڵ كورد بگەنە تێكگەیشتن، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش هەوڵمان داوە كوردانی ڕۆژئاوا یەك هەڵوێستیان هەبێ، هەموویان یەك داواكارییان بۆ مافەكان هەبێ، ئێمەش پشتیوانی لەوە دەكەین چارەسەری كێشەكان بە ئاشتی بن.
• ئێران وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە، ئێمە هیچ کات نەمانویستووە هیچ گیروگرفتێکمان هەبێت لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەو پەیوەندییەی کە هەیە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هەردوو لایەن بێت، بەڵام لە هەمانکاتدا نامانەوێت نە ئێران و نە هیچ وڵاتێکی تر دەستبخاتە کاروباری ناوخۆی ئێمە.
• ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لەو ململانێیەی کە ئێران هەیەتی لەگەڵ لایەنی تر.
• هیوادارین گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئەنجامێکی باش بگات، خێری هەموو میللەتانی ناوچەکە و گەلی ئێرانی تێدا بێت، ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، ڕێکەوتنێک نەبێت لەسەر حسابی خەڵکی تر و کڕین و فرۆشتنی خەڵکی تری تێدا بێت.
• لە شەڕی داعش پشتیوانیی ئەمریکا زۆر کاریگەر بوو کە پێشمەرگەر توانیی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن.
• ڕەفتاری کارکردنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکەکانی پێشتر جیاوازە، هەندێ بڕیاری ترەمپم بەدڵە کە پێموایە لەجێی خۆیدا بوون و زۆر پشتیوانیی لێ دەکەم.
• ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان بەبێ گیروگرت نەبووە، لە ساڵی 2014ەوە بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و کۆڕۆنای بەسەردا هات، ئەمانە هەمووی بووە هۆی ئەوەی کە ئەم پێشکەوتنە تا ڕادەیەکی زۆر بوەستێت یان خاو ببێتەوە.
• عێراق لەسەر نەوتی کەرکووک کە نەوتی کوردستانە وەکوو دەوڵەت دامەزرا، ئێمە خێرمان لەو نەوتە نەدی هەمووی دەدرا بە بۆمب و فڕۆکە و تانک و لە ئێمە دەدرا.
• مەرجی پێشکەوتنی هەر میللەتێک زانستە، زانستیش بەبێ پەروەردە و قوتابخانە و زانکۆ ناکرێت، لەکاتی شۆڕشی ئەیلوولیش لەژێر بۆردومانی فڕۆکەکان منداڵەکان لەناو ئەشکەوت فێری خوێندن دەکران.
• من هەمیشە ئەو باوەڕەم نەگۆڕە، كە كورد مافی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ئەمە مافێكی كوردە و زۆر زۆر ئاساییە، ئەوەش مافی هەموو میللەتێكە و لەوانە میللەتی كورد.
• لە ژیانمدا هیچ شتێک نییە لێی پەشیمان بم، بەڵام زۆر شت هەیە کە ئێستا دەیزانم ئەگەر ئەوکات بمزانیبا رەنگە بە شێوازێکی دیکە ڕەفتارم بکردبایە.
• خۆشترین قۆناغ سەردەمی ڕاپەڕین بوو کە قۆناغێکی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان هاتە پێش و ڕزگاری بوو لە دەست زاڵمان.