پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر زۆرینەی کارەکانی تەواو کراوە و ئەم ساڵ ئاو دەگاتە گەڕەکەکان

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت : پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر زۆرینەی کارەکانی تەواو کراوە و ئەم ساڵ ئاو دەگاتە گەڕەکەکان و، توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:” پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و، 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.

دەشڵێت:” تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێت. تاوەکو سەرەتای مانگی حەوتیش یەک هێڵی پڕۆژەکە تەواو دەبێت و، دەتوانێت ئاو بنێرێت بۆ ژمارەیەک گەڕەکی نێو هەولێر.

باسی لەوەشکرد :” پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، کۆتایی مانگی شەش یان سەرەتای مانگی حەوت، ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکانی هەشتی حەسارۆک، دارەتوو، قەتەوی، بنەسڵاوە، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.

بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی:” کارەکان زۆرباش بەڕێوەدەچن، کاری شارستانیی 90%ـی تەواو بووە، کاری میکانیکی و، کارەباییش زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچن و زۆرینەی ئامێرە پێویستییەکان کڕدراون.

پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت. هێڵی یەکەم لە شەقامی 150 لە نزیک گەزنەوە دەستپێدەکات تاوەکو رێگەی کەسنەزان. هێڵەکانی دوو، سێ و چوار بۆ نێو شارە، نێو شەقامی 120 مەتری و دەرەوەی شەقامەکەش.

بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، ڕێزدار مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ردى بناخه‌ى پڕۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێری دانا.

ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.

Back to top button